Jeremiah 20

یەرمیا و پەشحوری کاهین

1کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد، 2لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە. 3بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ
واتا (مایەی ترس و تۆقین لە هەموو لایەکەوە).‏
،
4چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر. 5هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل. 6تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»

سکاڵانامەی یەرمیا

7ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام،
تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی.
بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن،
هەموو گاڵتەم پێ دەکەن.
8هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم،
جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم،
چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام،
گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ.
9بەڵام ئەگەر بڵێم: «باسی ناکەم،
ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،»
جا وشەکەی لە دڵمدا وەک ئاگرێکی داگیرساو دەبێت،
وەک ئاگرێکی پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم،
بێزار دەبم لە دامرکاندنەوەی و
ناتوانم بێدەنگ بم.
10گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە:
«لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!
خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!»
هەموو هاوڕێیەکانم
چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن:
«بەڵکو فریوبخوات،
ئینجا دەرەقەتی دێین و
تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.»

11بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە،
لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن،
سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن،
شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت.
12ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و
ناخ و دڵ دەپشکنیت،
با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.

13گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن!
ستایشی یەزدان بکەن!
چونکە هەژار ڕزگار دەکات
لە دەستی بەدکاران.

14نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم!
با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
15نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم،
زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی:
«کوڕێکت بوو!»
16با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت
کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد.
با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت،
نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
17چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم،
جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و
سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
18بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟
ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟
ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟
Copyright information for CkbKSS